Skip to content
ئــەســتێرەكــان چــۆن لـــەمــونــدیــالــی 2010 دەڕوانــن
چوار شەممە, 10 ئازار 2010 01:02

زۆری نەماوە مۆندیالی 2010 لە باشووری ئەفریقیا دەست پێ بكات و هەموو یاریزانێكیش ئاواتییەتی نازناوی ئەم مۆندیالە بباتەوە، ئەویش مافی سروشتی خۆیانە. ئەمەی خوارەوەش راوبۆچوونی یاریزانان كامیڕۆنی ساموئێل ئیتۆ و فابیۆ كاناڤاڕۆ-ی ئیتاڵی و كاكا-ی بەرازیلی و كارلیس پویۆل ئیسپانین سەبارەت بە مۆندیالی داهاتوو.
ئەو پرسیارە ئارستەی ئیتۆی كامیرۆنی كرابوو
* تۆ دوو جار نازناوی ئەفریقیا و دووجاریش خولی یانەكانی ئەوروپا و جارێكیش نازناوی خولی ئۆڵۆمپیت بردۆتەوە، گەر هاتوو چانست هەبوو نازناوی مۆندیالیشت بردەوە كامیان بەباشترین نازناو دادەنێیت؟
هێرشبەری یانەی ئەنتەر میلان لە وەڵامدا گوتی: ئێستا ئێمە ركابەریی خولی یانەكانی ئیتاڵیا و خولی یانەكانی ئەوروپا دەكەین و لەگەڵ ئەوەشدا و مۆندیالیش نزیك بۆتەوە، بۆیە دەڵێم حەز دەكەم هەموو نازناوەكان ببەینەوە.
سەبارەت بە هەڵبژاردەی كامیرۆنیش ئیتۆ دەڵێ: ئێمە خاوەن هەڵبژاردەیەكی بەهێزین و شایستەی ئەوەین كە ببینە خاوەنی مۆندیال و هیچمان لە هەڵبژادەكانی بەرازیل و ئەرژەنتین و ئیسپانیا و فەرەنسا كەمتر نییە، هەڵبژاردەیەكی وەكو ساحل ئەلعاج كە خاوەنی یایا تۆرێ و درۆگبایە، باشە بۆ ئەفریقییەكان خەون بەو نازناوە نەبینن و هەست بەوە دەكەم كە ئەم مۆندیالەی لە ئەفریقیا دەكرێ مۆندیالێكی مێژوویی دەبێ بۆ ئەفریقیەكان، خەون بەوە دەبینم كە ئەم نازناوە بۆ كامیڕۆن بێت یان بۆ هەر هەڵبژاردەیەكی ئەفریقی بێت، من وای بۆ دەچم لە قۆناغی پێش كۆتایی دوو هەڵبژاردەی ئەفریقی رووبەڕووی یەكدی دەبنەوە، چونكە هەر شەش هەڵبژاردە بەشداربووەكانی ئەفریقیا هەلی باشیان لەبەردەستدایە، دەزانن ئیسپانیا لەریزی بەرازیل و هۆڵەندە و ئەرژەنتین و فەرنسا دایە، ئێمە و ساحل ئەلعاج لە تواناماندا هەیە شكستیان پێ بهێنین و لێیان ببەینەوە، دەتوانم بڕوا بە برادەرەكانم بهێنم كە بردنەوە لەو تیپانە خەیاڵی نییە و ئەوەندە بە گرنگی وەرنەگرن.
سەبارەت راهێنەر پۆل لۆگین ئیتۆ گوتی: ئەو كاتەی پۆستەكەی وەرگرت ئاستمان لە دابەزین بوو، نارێكییەكی زۆر بەدی دەكرا ئەو توانی بە ماوەیەكی زۆر كەم تیپەكە رێك بخات و پێشتر ئێمە پشتمان بە دوو یان سێ یاریزان دەبەست، بەڵام ئێستا 10 یاریزانی باشمان هەیە كە لە یاریگا یاری دەكەن و جێگەی متمانەیەكی تەواون.
ئێتۆ لە كۆتاییدا گوتی: گەر هاتوو نازناوی مۆندیالمان بردەوە بۆ هەر یاریزانێك كاتژمێرێك بە بڕی 33 هەزار یۆڕۆ دەكەمە دیاری و، راهێنەر پۆل لۆگین لە بیر ناكەم.
كاناڤاڕۆ: زۆر زەحمەتە پارێزگاری لە نازناوەكەمان بكەین
كاپتنی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا تەمەن 36 ساڵ كە نازناوی مۆندیالی 2006ی بەرزكردەوە ئەمجارە چوارەمین جارە بەشداری لەو كەرنەڤاڵە گەورەیە دەكات، ناوبراو گوتی: ئێمە زۆر بە هێمنی پێشوازی لەو مۆندیالە دەكەین، ئێمە لە یۆڕۆی 2008 و كیشوەرەكانی 2009 ئاستمان باش نەبوو، یارییەكانیشمان لە پاڵاوتن زۆر سادە بوو، سەرەڕای ئەم هەموو شتانە كاری نەكردە سەرمان و متمانەمان زۆر بە خۆمان هەبوو و ئیتاڵیاش هەر ئەو ئیتاڵیا خاوەن رۆشنبیریە بەرزەیە كە دەمانخاتە لووتكە لە پاڵەوانییەتییە گەورەكان، سەبارەت بەوەی كە ئیتاڵیا دەتوانێ پارێزگاری لە نازناوەكە بكات كاناڤاڕۆ گوتی: زۆر زەحمەتە ئەمە دووبارە بێتەوە لەبەر ئەوەی زۆربەی زۆری هەڵبژاردە بەشداربووەكان زۆر بەهێزن لەوانە بەرازیل و ئیسپانیا كە ماوەی سێ ساڵە ئاستیان لەبەرزبوونەوە دایە، هەروەها گوتی: هەرچەندە ئەوەش نابێتە بەربەست لەبەر رێڕەوی ئێمە و گەر خۆمان ماندوو بكەین هەلی باشمان لەبەر دەستدایە و ئەم حاڵەتەش لە مۆندیالی 2006 روویدا من وای بۆ دەچم ئێمە و پارگوای چانسمان لە سلۆڤاكیا و نیوزیلەندە باشترە كە بچینە قۆناغی دووەم، بەڵام نابێ ئێمە هیچ یارییەك بە ئاسانی وەرنەگرین و دەبێ حیساب بۆ هەموو یارییەك بكەین، لە مۆندیال زۆر یاری ئاسان هەیە، بەڵام كۆتاییەكەی زۆر گرنگە، ئێمە ئاستمان لە جامی كیشوەرەكان خراپ بوو، چاودێران دەیانگوت هۆكارەكەی تەمەن گەورەی یاریزانەكانە، بەڵام ئەوان بەهەڵە داچووبوون، چونكە چەندین یاریزانی لاوی وەكو كیلپیی و ماركێز و كریستۆمانیشمان هەبوو، نابێ ئەوەش لەبیر بكەین كە هەڵبژاردەی ئیتاڵیا پێویستی بە یاریزانی خاوەن ئەزموون هەیە كە ئێستاش لە شوێنی خۆیان ئاست بەرزن، ئەوەی تەمەنی من بە گەورە دادەنێت زۆرم پێ سەیرە، پارێزی سەرەڕای ئەوەی كە تەمەنی 37 ساڵ بوو لە بەرزترین ئاستدا بوو و ماڵدینیش لە تەمەنی 40 ساڵی وازی لە یاریكردن هێنا، كاناڤاڕۆ لە كۆتاییدا گوتی: پێموایە ئیسپانیا پاڵێوراو نازناوی مۆندیال دەباتەوە لە دوای ئەویشدا بەرازیل.
كاكا: بەرازیل وەكو كاری هەمیشەی پاڵێوراوە بۆ بەرزكردنەوەی ئەم نازناوە
ئەستێرەی بەرازیل و یانەی ریال مەدرید-ی ئیسپانی كاكا دەڵێ هەڵبژاردەی ئێمە وەكو كاری هەمیشەی بەهێزترین پاڵێوراوە بۆ بردنەوەی ئەم نازناوە، بەڵام ئەمەش ئەوە ناگەیەنی كە ئێمە لە گۆڕەپان بە تەنیاین و پێشبینیش ناكرێ كە ئەم نازناوە دەباتەوە، هەڵبژاردەی زۆر بەهێز هەن وەكو ئیسپانیا و ئینگڵتەرە و فەرەنسا و ئیتاڵیا و ئەرژەنتین، نابێ ئەنجامە چاوەڕواننەكراوەكانیش لەبیر بكەین بەرامبەر هەڵبژاردەی ئەفریقییەكانی وەكو ساحل ئەلعاج و كامیرۆن، یاری جوان دەتوانی خۆی بسەلمێنێ، نموونەش ئەوەی لە یۆڕۆ بینیمان كە هەڵبژاردەی ئیسپانیا بە ئاستە بەرزەكەی سەلماندی كە شایستەی ئەم نازناوەیە و زەنگێكی ترسناكیشی بۆ بەشداربووانی مۆندیال لێدا، نابێ ئەوەش لەبیر بكەین كە بەرازیل بە بەردەوامی بەسەر ركابەرەكانی زاڵ بووە و ئێمەش ماوەی دوو ساڵە ئاستمان بەرەو بەرزی دەڕوات و نازانین لە قۆناغی دووەم كێ لەبەرامبەر كێ دەوەستێ، وام پێ باشە ئێمە و ئیسپانیا لە كۆمەڵەی خۆمان بە پلەی یەكەم بین.
راستە دەڵێن هەڵبژاردەی بەرازیلی ئێستا لە شێوازی هێڵی هێرشبردن لە پێشوو باشتر نییە؟ كاكا لە وەڵامدا گوتی: دۆنگا جیاوازی لەگەڵ سكۆلاری هەبوو، كەی دەڵێن ئەمە راهێنەرێكی باشە كە بە شێوازێكی باش یاری بكەن و من لەگەڵ ئەوە دانیم كە هەڵبژاردەی ئێستا پشت بە هێرشی پێچەوانە دەبەستێت، ئێمە ئاست و ئەنجاممان باشە.
هەروەها لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە رۆناڵدینهۆ كە یەكێك دەبێت لە یاریزانەكانی مۆندیال، كاكا گوتی: من نازانم، بەڵام لە دوایین یاری لەگەڵ میلان ئاستێكی بەرزی نیشان دا و ئەمەش كاری راهێنەر و دەستەی هونەرییە. سەبارەت بە كۆمەڵەكەیان كاكا دەڵێ: پورتوگال یەكێكە لە هەڵبژاردە بەهێزەكانی ئەوروپا و خاوەن یاریزانی بەناوبانگی جیهانی كریستیانۆ رۆناڵدۆیە، هەروەها گوتی: كۆریای باكوور هەروا بە ئاسانی نەهاتۆتە مۆندیال و زۆر شارەزاییم لەسەر نییە و ساحل ئەلعاج هەڵبژاردەیەكی پۆڵاینە و بەهێزە و درۆگباش بە یەكێك لە باشترین هێرشبەری جیهانی دەژمێردرێت، هەروەها گوتی: بەراشكاوی دەڵێم هەڵبژاردەی بەرازیل دەگاتە قۆناغی دووەم و ناشزانم ناسنامەی هەڵبژاردەی دووەم كێیە، كاكا زیاتر گوتی: ئێمە دەزانین چۆن خۆمان بۆ پاڵەوانییەتییەكان ئامادە دەكەین و دەزانین چۆن بەرەنگاری پاڵەپەستۆكانیش ببینەو. لە كۆتاییدا كاكا تەئكیدی لەوە كردەوە كە ئەرژەنتین ركابەری سەرەكییە هەرچەندە بە زەحمەت گەیشتە مۆندیال.
كارلیس پویۆل: ئێمە پاڵێوراوین بۆ ئەم نازناوە
كاپتنی هەڵبژاردەی ئیسپانیا كە بەشداری لە مۆندیالەكانی 2002 – 2006 كردووە و لە یەك وەرزدا 6 نازناوی بۆ بەرشلۆنە بە دەستهێناوە گوتی: ئەوە هەمووی رەنجی شانی خۆمان بوو كە ئەم هەموو نازناوەمان لەیەك وەرز بە دەستهێنا، ئێمە لە تیپەكەمان یەك خێزانین و یەكگرتووین و حەز لە بەدەستهێنانی نازناو دەكەین و پاڵێوراویشین بۆ بردنەوەی نازناوی مۆندیالی داهاتوو، ئەویش بەهۆی ئەو ئاست بەرزە یەك لە دوای یەكەی كە پێشكەشی دەكەین، ئێمە باش دەزانین بۆ ئێمە لە بۆسەدان، بەڵام ئێمە شارەزییمان هەیە لەخۆ دەرباز كردن، لەم بۆسانەدا ئاستی هەڵبژاردەی ئیسپانیا وەكو ئاستی بەرشلۆنەیە، یاریزانی ئاست بەرزی وەكو كاسیاس و تۆرێس و كابدیڤێرا لەتەك شافی و ئەنێستا و پیكیە و ڤیكتۆر و بۆسكێتس و دەتوانم بڵێم پویۆل یاری دەكەن، نابێ ئەوەش بڵێین كە هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەبوونی یاریزانانی بەرشلۆنە نازناوەكە دەباتەوە، یاریزانانی بەرشلۆنە لە یاریزانەكانی ریال مەدرید و ڤاڵنسیا باشتر نین، بەڵام هەریەكەو تەواوكەری یەكترین، سەبارەت بە ركابەری ئیسپانی لە مۆندیال پویۆل گوتی: وەكو هەموو جارێك بەرازیل و ئەڵمانیا و ئینگڵتەرە و ئیتاڵیا و ئەرژەنتین لە لوتكەدان، هەرچەندە چاودێران پێیانوایە ساحل ئەلعاج و كامیرۆنیش ئاستیان بەرزە و دوایی ئەمە دەردەكەوێت

 
Share on facebook

ئاماده‌بوانی سه‌ر هێل


286 میوان سەرهێڵ

Facebook.com

راپرسی

ئايه‌ له‌ هه‌لبژاردنی ئه‌مجاره‌ غروقاتی ساخته‌ كاری ئه‌نجام درا ‌