|
سلێمانى ته‌سلیمى ئه‌نجامه‌كان نابێ |
|
چوار شەممە, 10 ئازار 2010 00:41 |
|
سه‌ربارى ئه‌وه‌ى ئه‌نجامه به‌راییه‌كانى هه‌ڵبژاردنى رۆژى 7/3 به‌نافه‌رمی ئاشكرا كراوه، به‌ڵام هێشتا له‌سلێمانى هه‌موو لایه‌ك خۆى به‌سه‌ركه‌وتوو ده‌زانێ و دوو شه‌وه چۆپى بۆ ئه‌و سه‌ركه‌وتنه ده‌كێشن. به‌رده‌م مه‌ڵبه‌ندى سلێمانى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان له‌شاڕێى سالم و به‌رده‌م گرده‌كه‌ى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌گه‌ڕه‌كى ئاشتى، هه‌ر له‌وه ده‌چێ له‌یه‌كه‌مین شه‌وه‌كانى بانگه‌شه‌دا بن، گه‌نجان به‌ده‌م هه‌ڵپه‌ڕكێ و چۆپیكێشانه‌وه رێگه له‌و ئۆتۆمبیلانه ده‌گرن كه به‌ژن و منداڵه‌وه هاتوونه‌ته ده‌ر بۆ ده‌ربڕینى خۆشیه‌كانیان. "گۆڕیمان و مامه گیان" زۆرترین ئه‌و دروشمانه‌ن كه له‌زارى گه‌نجه گه‌رم داهاتووه‌كانى نێو ئه‌و شه‌وه ئاهه‌نگانه‌دا به‌رز ده‌بنه‌وه. به‌ڵام پێده‌چێ ئه‌و ئاهه‌نگانه حه‌زێكى سلێمانه‌ییانه بێت تا ئه‌وه‌ى ئاهه‌نگ بۆ ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كان بگێڕن. سه‌لمان ئیدریس 20 ساڵ له‌قه‌راخ ئه‌و جاده‌یه‌ى ده‌تباته‌وه بۆ گرده‌كه‌ى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌كى نێرگه‌له‌یان پێكردووه و له‌گه‌ڵ هه‌ر مژدانێك له‌نێرگه‌له‌كه‌ى هاوار ده‌كات "گۆڕیمان". هه‌ر ئۆتۆمبێلێك به‌لایاندا بدات سه‌لمان و هاوڕێكانى سڵاوێكى بۆ ده‌كه‌ن و ئاڵاكه‌ى گۆڕانیان بۆ ده‌شه‌كێننه‌وه. ئه‌و گه‌نجه كه خوێندكارى قۆناخى دواناوه‌ندییه بۆ (رووداونێت) گوتى "ئه‌مه هه‌له و ده‌ستمان كه‌وتووه، پێناچێ به‌و نزیكانه كه‌شێكى دیكه بێته پێشه‌وه و به‌و شێوه‌یه بێینه سه‌رجاده". بۆیه سه‌لمان تا ده‌توانێ هاوار ده‌كات و هه‌ڵده‌په‌ڕێ. شادان 23 ساڵ له‌گه‌ڵ خوشك و براكانى له‌نێو ئۆتۆمبێله‌كه‌ى دایكیانه‌وه به‌ئاڵایه‌كى سه‌وز، كه وێنه‌ى مام جه‌لالى له‌سه‌ر كێشرابوو. تا نێوقه‌دى هێنابووه ده‌ره‌وه و مامه‌گیان مامه‌گیانى ده‌گوته‌وه، جگه له‌سه‌ركه‌وتنى لیستى حزبه‌كه‌ى له‌هه‌ڵبژاردندا، شادان ده‌ڵێ "هیچ شتێكى دیكه وام لێناكات بێمه سه‌ر جاده و هاوار بكه‌م". به‌ڵام دایكى شادان نكوڵى له‌وه ناكات كه به‌هۆى ئه‌و قه‌ره‌باڵخى و ئاهه‌نگانه‌وه، ده‌رفه‌ته بۆ چه‌ند كاژێرێك منداڵه‌كانى بێنێته ده‌ره‌وه و كه‌یف و خۆشى خۆیان مسۆگه‌ر بكه‌ن. هه‌رچى بێت، ئه‌گه‌ر كه‌سێكى نامۆ بێته سلێمانى له‌و ده‌مه ده‌مى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنانه‌دا، ئه‌وا سه‌رى سڕده‌مێنێ كه له‌شه‌ڕێكدا دۆڕ‌انى لایه‌ك زۆر حه‌تمییه، به‌ڵام دۆڕاو دیار نییه و هه‌مووى هه‌ڵده‌په‌ڕێ.
|