|
"کۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه ئه‌نجامی ره‌سمی به‌رایی هه‌ڵبژاردن راده‌گه‌یه‌نرێت" حاکم سه‌ردار: هه‌ر بنکه‌یه‌ک نوێنه‌ری قه‌واره‌ی سیاسی تێدا کرابێته ده‌ره‌وه، ده‌نگه‌کانی ئه‌و بنکه‌یه پوچه‌ڵ ده‌کرێته‌وه |
|
دووشەممە, 08 ئازار 2010 17:43 |
|
ئه‌ندامێکی ئه‌نجومه‌نی کۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کان رایگه‌یاند، چاوه‌ڕوانده‌کرێت له ماوه‌ی 4 رۆژی داهاتودا ئه‌نجامی به‌رایی هه‌ڵبژاردن به‌ره‌سمی رابگه‌یه‌نرێت، هاوکات هه‌ر بنکه‌یه‌ک نوێنه‌ری قه‌واره‌ی سیاسیی تێدا کرابێته ده‌ره‌وه، ده‌نگه‌کانی ئه‌و بنکه‌یه پوچه‌ڵ ده‌کرێته‌وه. حاکم سه‌ردار عه‌بدولکه‌ریم ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی کۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کان، له‌لێدوانێکیدا به‌سبه‌ی راگه‌یاند: پێده‌چێت له ماوه‌ی چوار رۆژی داهاتوداو تا کۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه ئه‌نجامی گشتی و به‌رایی هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانییه‌که‌ی عێراق به شێوه‌یه‌کی ره‌سمی رابگه‌یه‌نرێت. وتیشی: "تا ئێستا زیاتر له 300 سکاڵا له‌لایه‌ن قه‌واره سیاسییه‌کانه‌وه تۆمارکراون و چاوه‌ڕوانیشده‌کرێت زیاتر بێت، هه‌روه‌ها له یه‌که‌م رۆژی هه‌ڵبژاردنه‌وه بۆ ماوه‌ی 48 سه‌عات هه‌ر لیست و قه‌واره‌یه‌ک مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه سکاڵای خۆی تۆمار بکات". سه‌باره‌ت به‌و خروقات و پێشێلکارییانه‌ی له هه‌ڵبژاردندا ئه‌نجامدراوه، حاکم سه‌ردار ئاشکرایکرد: له هه‌ر بنکه‌یه‌ک نوێنه‌ری قه‌واره‌ی سیاسی ئاماده‌یی تێدا نه‌بوبێت یاخود کرابێته ده‌ره‌وه، چاو به ئه‌نجامی ده‌نگه‌کانی ئه‌و بنکه‌یه‌دا ده‌خشێنرێته‌وه و کۆمسیۆن ئیجرائاتی خۆی ده‌بێت. ئه‌وه‌شی وت که کۆمسیۆن لێکۆڵینه‌وه‌ی ورد له‌و بنکانه‌دا ده‌کات و له هه‌ندێک حاڵه‌تدا، ئه‌نجامی ده‌نگدانی ئه‌و بنکه‌یه هه‌ڵده‌وه‌شێنرێته‌وه و ئه‌ژمار ناکرێت. ده‌رباره‌ی بێبه‌شبونی ژماره‌یه‌کی زۆری هاوڵاتیان له ده‌نگدان، له عێراق و ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش، حاکم سه‌ردار ئاماژه‌ی به‌وه‌کرد، ئه‌وه کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌ی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه بوه و ئه‌وه‌شی گه‌ڕانده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی، که تاکو ئێستا ئامار و سه‌رژمێرییه‌کی وردی دانیشتوان له عێراقدا نه‌کراوه، له هه‌مان کاتدا کۆمسیۆن بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کان کار به فۆرمی خۆراکی وه‌زاره‌تی بازرگانی ده‌کات.
|